University of Raparin Logo

دووەمین کۆنفرانسی توێژینەوەی خوێندکارانی زانکۆی ڕاپەڕین بەڕێوەچوو

چاپکردن ئیمەیڵ

 بە دروشمی ( بەرەو پەرەپێدانی توێژینەوەی خوێندکاران) ، لە زانکۆی ڕاپەڕین دووەمین کۆنفرانس بۆ توێژینەوەی دەرچوونی خوێندکاران بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ سێ شەممە ۸ی ئایاری ۲۰۱۸، لەهۆڵی چالاکییەکانی زانکۆ، بە ئامادەبوونی بەڕێز پ.ی.د. موفق خالید ابراهیم سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و مامۆستایان و خوێندکارانی کۆلێژ و بەشە جیاجیاکانی زانکۆی ڕاپەڕین، فەرمانگەی یاریدەدەرێتی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەنتەری توێژینەوەی زانکۆ (دووەمین کۆنفرانسی زانستی بۆ توێژینەوە خوێندکارانی زانکۆی ڕاپەڕین) سازکرد.

کۆنفرانسەکە بەساتێک وەستانی وەفاداری بۆ گیانی شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان دەستیپێکرد.

دواتر بەڕێز پ.ی.د. هێرش رسول مراد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران وتەی سەرۆکایەتی زانکۆی پێشکەشکرد، وێڕای بەخێرهاتنی گشت میوانانی ئامادەبوو، سوپاسی لیژنەی ڕێکخەری کۆنفرانسەکەی کرد، هەروەک سازادانی کۆنفراسەکەی بە هەنگاوێکی ناوازە وەسفکرد، وتیشی کۆنفرانسەکە هەنگاوێک دەبێت بۆ کارکردن بە توێژینەوەی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆ و پاراستنیان لە مەرترسی پەراوێزخستن، هەروەک کۆنفرانسەکە کاریگەری ئەرێنی دەبێت بۆ هاندانی خوێندکارانی قۆناغی چوارەمی زانکۆ بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی باشتر لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتی توێژینەوەکانیان.

پاشان کارەکانی کۆنفرانس بە پانێڵی یەکەم دەستیپێکرد، تایایدا خوێندکارانی بەشداربوو چەند توێژینەوەکانیان پێشکەشکرد، کۆنفرانسەکە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت و سەرجەم بەشەکانی زانکۆی ڕاپەڕین بە باشترین توێژینەوەیان لەسەر ئاستی بەش بۆ ئەمساڵی خوێندن بەشدارییان کردووە.

ئامانج لە سازدانی کۆنفرانسەکە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و مەعریفی خوێندکاران و بە کەلتورکردنی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و هاندان و ڕاهێنانیان لەسەر ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و دروستکردنی توێژەری سەرکەوتووە لەناو خوێندکارانی زانکۆدا، ئامانجێکی دیکە کۆنفرانسەکە لە دروستکردن و بەهێز کردنی توانستی خوێندکاران لە رووی خستنەروی بیروبۆچونەکانیان و سازدانی دیالۆگ و دیبەیتی ئەکادمیانە و رزگار کردنی توێژینەوەکانی دەرچونی خوێندکاران لە پەراوێز خستن و فەرامۆشکردن، سود لێ وەرگرتنیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات و کۆمەڵ.