University of Raparin Logo

چوارەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زمان و ئەدەبی کوردی و فارسی لە ئاوێنەی هزر و کەلتوری ئاریدا دەستی بەکارەکانی کرد

چاپکردن ئیمەیڵ

لە ساڵوەگەڕی كارەساتی بۆردومانی قەڵادزێ و ڕۆژی شەهیدی زانكۆدا، زانكۆی ڕاپەڕین بەهاوبەشی زانکۆی کوردستان-سنە چوارەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی بە ناونیشانی (زمان و ئەدەبی کوردی و فارسی لە ئاوێنەی هزر و کەلتوری ئاریدا) سازکرد.

بەر لە دەستپێکردنی کۆنفرانس بەڕێز (پ.ی.د. موفق خالید ابراهیم) سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی ڕاپەڕین و وەفدی زانکۆی کوردستان-سنە بەشداریانکرد لە ڕێوڕەسمی دانانی تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری شەهیدانی کارەساتی قەڵادزێ و شەهیدانی زانکۆ.

پاشان کاتژمێر (۱۰:۳۰)ی سەرلەبەیانی کارەکانی کۆنفرانس بەساتێک وەستانی وەفاداری بۆ گیانی شەهیدانی کارەساتی قەڵادزێ و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری کوردستان دەستیپێکرد.

دواتر وتاری لیژنەی باڵای کۆنفرانس لەلایەن ( پ.ی.د. شهاب تەیب) خوێندرایەوە، وێڕای بەخێرهاتنی گەرمی میوانەکان، پوختەیەکی لەسەر کۆنفرانسەکە پێشکەشی ئامادەبووان کرد .

پاشان وتەی سەرۆکایەتی زانکۆی کوردستان-سنە لەلایەن (پ.ی.د. عوسمانی عەزیزی) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی کوردستان-سنە پێشکەشکرا، سوپاسی سەرۆکایەتی زانکۆی ڕاپەڕینی کرد بۆ هەماهەنگی بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسەکە، وتیشی هیوادارین لەڕێگەی ئەنجامدانی کارە زانستییە هاوبەشەکانمان بتوانین پەیوەندیەکانمان چالاکتر و سەرکەوتوانەتر ئەنجام بدەین، هەروەها ڕایگەیاند خۆشحاڵین کە زانکۆمان سێ ساڵە بەڕۆڵ و هاوکاری زانکۆی ڕاپەڕین توانیویەتی خوێندنی کوردی بکاتەوە، هەروەک بەهەماهەنگی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم توانیومانە بەردەوام دەرگامان بەڕووی خوێندکارانی خوێندنی باڵا کراوەبێت.

دواتر (پ.ی.د. موفق خالید ابراهیم) سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین وتەیەکی پێشکەشکرد، تیایدا وێڕای بەخێرهاتنی گەرمی میوانەکان، سوپاسی لیژنەی باڵای کۆنفرانسەکەی کرد.
دواتر پوختەیەکی لەسەر بەرەوپێشچوونی ئاستی زانکۆی ڕاپەڕین لە ڕووی زانستی و ئەکادیمی و پەیوەندیەکان و... خستەڕوو، وتیشی سەرەڕای سەرەڕای قەیرانی دارایی هەرێم و چەندان کۆسپی تر خۆشبەختانە توانیومانە لە کاروانە زانستییەکەمان بەردەوام بین، لەم ڕووەوە دوو هەنگاوی گەورەمان بڕیوە ئەوانیش بریتین لە کردنەوەی خوێندنی هاوبەشی لە نێوان زانکۆمان و زانکۆی کوردستان-سنە لە هەردوو بەشی باخداری و بەشی سامانی ئاژەڵی، هەروەها گۆڕینی شێوازی خوێندن لەشەش بەشی زانکۆمان بۆ شێوازی خوێندنی ئەڵمانی بە هەماهەنگی ڕێکخراوێکی ئەڵمانی.

پاشان (پ.د. احمد پارسا) وتەبێژی کۆنفرانس و مامۆستا لەبواری ئەدەبی فارسی بابەتێکی بەناونیشانی (پێداچوونەوەیەک بەسەر فێرکاری زمان و ئەدەب لە زانکۆکاندا) پێشکەشکرد.

كۆنفرانسەكە لە رۆژانی ۲٤ و ۲٥ و ۲٦ /۲۰۱۸/٤ بەردەوام دەبێت، تیایدا لەماوەی سێ ڕۆژی کۆنفرانس لە حەوت پانێڵدا (۳۰) توێژینەوەی زانستی لەبوارەکانی زمان و ئەدەبی کوردی و فارسی لەلایەن (٤۱) توێژەری ناوخۆیی و بیانی پێشكەش دەكرێن و دواتر سەرجەم توێنژینەوەکان لە گۆڤاری زانكۆی ڕاپەڕین بڵاو دەکرێنەوە.