راگەیاندنی زانكۆ
ئەمڕۆ دوو شەممە (5 / 3 / 2018) لەشاری رانیە (27)مین ساڵیادی راپەڕینە مەزنەكەی (5ی ئاداری 1991) كە لەشاری رانیەوە كڵپەی سەند بەچەندین چالاكی كرایەوە، سەرەتا لەرێوڕەسمێكداو بەئامادەبوونی بەرپرسانی حكومی و حیزبی و كەسوكاری شەهیدان و جەماوەری دەڤەری راپەرین، سەرۆك و ژمارەیەك لەئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆی راپەڕین لەمۆنیومێنتی راپەڕین لەدەروازەی شاری رانیە تاجەگوڵینەی رێزو وەفایان بۆ رێزگرتن لەگیانی پاكی شەهیدانی راپەڕین دانا.
سەرەتای مەراسیمی یادكردنەوەكە لە مۆنۆمێنتی راپەرین بە وتاری سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەرین دەستی پێكرد، دواتر لەلایەن ئامادەبوان تاجەگوڵینەی رێز لێنان دانرا.
لەبەشێكی دیكەی مەراسیمی ساڵیادی راپەڕیندا لەزانكۆی راپەرین مۆزەخانەیەكی تایبەت بەئەرشیف و بەڵگەنامەكانی راپەرین كرایەوە، هەروەها پێشانگایەكی وێنەیی بەچوارینەی شیعرەوە بۆ رۆژنامەنووس (ئەحمەد سەپان) كرایەوە كە تێیدا ئاماژە بە نیگەرانیەكانی خەڵك لەبەرامبەر دەسەڵات و گێرانەوەی ئومێد و هیوا بۆ ئەوانەی كە بێ ئومێدن لە ژیان، شایەنی باس ئەم چوارینە شعرانە لەنێوان ساڵانی (١٩٧٨ بۆ ٢٠١٨) نوسرابوون.
هەر لەزانكۆی راپەرین پێشانگایەكی شێوەكاری لە ژێر ناونیشانی (سەمای ماسیەكان) بۆ هونەرمەندی شێوەكار (دلسۆز رەسوڵ) كرایەوە، كە تابلۆكان ئاماژەیەك بوون بۆ ئەو ئازارو توندوتیژیانەی بەرامبەر بە ئافرەت دەكرێن.