University of Raparin Logo

پەیامی ئەنجومەنی زانکۆی راپەڕین، بەبۆنەی یادی راپەڕین-ەوە

چاپکردن ئیمەیڵ

رۆژی دوو شەممە (٥ی ئاداری ٢٠١٨)، نەتەوەی کورد (٢٧)مین ساڵیادی راپەڕینە مەزنەکەی (٥ی ئاداری ١٩٩١) دەکاتەوە، کە لەشاری رانیەوە بەرپا بوو و دواتریش سەرجەم شاروشارۆچکەکانی باشوری کوردستانی گرتەوەو بووە ھۆی وەرچەرخانێکی گەورە لە مێژوی ھاوچەرخی میلەتەکەماندا، و سەرەتای حوکمی خۆجێی و دامەزراندنی دامەزراوە سیاسیی و یاساییەکان بوو لەکوردستان.
ئەم سەرکەوتنەی گەلەکەمان ھەروا بە ئاسانی قبوڵکراو نیە لە لایەن دوژمنانی مێژویی گەل و نیشتیمانەکەمان، بۆیە لە ھەر قۆناغێکی مێژویی دوژمنانی یەخەی دەگرن، تاکار گەیشتە ئەوەی ڕێکخراوێکی تیرۆرستی وەک داعش پەلامارمان بدات، بەڵام خۆڕاگری گەلی کورد لە بەرامبەریان و پاراستنی ھەرێمی کوردستان و ھاووڵاتیانی مەدەنی و بەشداری کاراو خۆڕاگرانەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لەئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی موسڵ و ناوچە داگیرکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی تێرۆریستان، بووە مایەی ئەوەی جیھان بەڕێزەوە تێڕوانینیان بۆ کورد ھەبێت.
لەم ساتەشدا بەرگری شەڕڤانانی کورد لەرۆژئاوای کوردستان، و لەھەرێمی عەفرین-ی سەربڵند، و پاراستنی شاری کۆبانێ، لەمێژووی شۆڕشی کوردایەتی و مرۆڤایەتییدا داستانی گەورەترن لەداستانی وڵاتان، بۆیە ھیواخوازین بەئیرادەی شۆڕشگێڕی کوردان لەرۆژئاواو ھاوکاری و کۆمەکی کۆمەڵی نێودەوڵەتی کۆتایی بەئۆپەراسیۆنی سەر عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بھێنرێت کە زیاتر لەسەدەیەکە نەیتوانیوە وەکو دەوڵەتێکی دیموکرات و سەردەمی مامەڵە لەگەڵ مافی کورد لەباکوری کوردستان بکات و کار گەیشتۆتە پەلاماردانی کوردانی رۆژئاواش، و لە ھەر کوێیەک بۆیان لوابێت دژایەتی مافە ڕەواکانی گەلەکەمانیان کردوە.
بەداخەوە لەئێستادا کوردستان لەژێر مەترسی گەورەی ناوخۆیی و ھەرێمییدایە، و ھەرێمی کوردستانیش رووبەروی چەندین قەیرانی ئابوریی و سیاسیی بووەتەوە، کە پێویستیان بەچارەسەری خێراو بەپەلە ھەیە، لەگەڵ ئەوەشدا دەرفەتی مەزن بۆ گەیشتن بەتەواوی مافەکانی گەلی کورد کۆتایی نەھاتووەو پێویستە بەردەوام بین لەشۆڕشی کوردایەتیمان.
دەڤەری راپەڕین، سەرمەشقی چەندین شۆڕش و راپەڕینی دیکەیە لەمێژووی رزگاریخوازی کوردانی باشوردا، جگەلەوەش لانکی شۆڕشگێڕی و بەرھەڵستکاری رژێمە دیکتاتۆرو داگیرکەرەکانی پێشووی عێراق و ئینگلیزی و ...ھتد بووە. و لەئێستاشدا ناوچەکە شۆڕشگێڕانی پارچەکانی دیکەی کوردستانی لەرۆژھەڵات و باکورو رۆژئاوا لەباوەش گرتووەو دانەبڕاو بووە لەشۆڕشی پارچەکانی تر.
راپەڕینی (٥ی ئاداری ١٩٩١) بوە ھۆی بەدیھێنانی چەندین دەستکەوتی مێژویی، لەوانە: زانکۆی راپەڕین وەک دامەزراوەیەکی زانستی کە لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستان و لەساڵی (٢٠١٠) دامەزرێنرا، بەرھەمی خوێنی شەھیدانی راپەڕین و سەرجەم شەھیدانی رێگای رزگاری کوردستانە بۆ دەڤەری ڕاپەڕین، زانکۆکە لەتەمەنی کەمی خۆیداو سەرەڕای بوونی قەیرانە یەک لەدوای یەکە دارایی و ئەمنی و سیاسییەکان، توانیویەتی چەندین ھەنگاوی گرنگ بنێت، و ژێرخانێکی گرنگی مەعریفی و ئەکادیمی بۆ کوردستان بەگشتی و بەتایبەتیش بۆ ئەم سنورە بنیات بنێت.
ھەروەھا دروستکردنی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، یەکێکی تر بووە لەدەستکەوتەکانی راپەڕین، و بەھۆی گرنگی شوێنی جوگرافیی و مێژووی ناوچەکەش لەبەرھەڵستکاری داگیرکەران نازناوی پایتەختی ئازادی بەشاری رانیە بەخشراوە، بۆیە لێرەوەو لەم یادە پیرۆزەدا بۆ رێزگرتن لەجەربەزەیی و چاونەترسیی و ئازایەتی خەڵکی دەڤەری راپەڕین، داواکارین لەحکومەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان ھەنگاوی جدی بنێن بۆ بەپارێزگاکردنی دەڤەرەکە.
بەناوی ئەنجومەنی زانکۆی راپەڕین-یشەوە، بۆ بۆنەی (٢٧)مین ساڵوەگەڕی راپەڕینەوە، پیرۆزبایی لەسەرجەم گەلی کورد لەھەر شوێنێکی دنیاو بەتایبەت لەھاووڵاتیانی دەڤەری راپەڕین و خوێندکاران و مامۆستیان و فەرمانبەرانمان دەکەین.
لەم بۆنە نەتەوەیی و مێژوویەدا، یادی شەھیدە نەمرەکانمان بەرزرادەگرین و سەری رێز بۆ سەرجەم شەھیدانی رێگای رزگاری کوردستان و شەھیدانی راپەڕینی (٥ی ئاداری ١٩٩١) دادەنەوێنین کە بەخوێنی گەشیان کوردستانیان لەدەستی یەکێک لەدڕەندەترین رژێمەکانی مێژووی مرۆڤایەتی رزگارکردو گواستنەوەیەکی گەورەی مێژوویان بۆ کوردستان بنیادنا.

ئەنجومەنی زانکۆی راپەڕین