رۆژی یەکشەممە ١١ / ٢ / ٢٠١٨ لە هۆڵی چالاکیەکانی زانکۆی ڕاپەڕین، بەشی باخچەی ساوایانی کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت بەھاوکاری فێمێنیزمی رۆشنگەری سیمپۆزیۆمێکی لەژێر ناونیشانی (توندوتیژی خێزانی و کاریگەری لەسەر منداڵ) رێکخست.
لە تەوەری یەکەمی سیمپۆزێۆمەکەدا دکتۆرە نیکۆلا ئەشرەف شاڵی مامۆستا لە زانکۆی چەرمۆ تیشکی خستە سەر یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و هەستا بەشیکردنەوەی ماددەو بڕگەکانی، کەتێیدا باسی لە پێکهاتەی خێزان و مەبەستەکانی توندوتیژی و جۆرەکانی لەوانە ( هاوسەرگیری بەزۆر ، ژن بە ژنە ، لەبری خوێندان ، لێکجیاکردنەوەی بەزۆر ، بڕینی پەیوەندی کۆمەڵایەتی ، ناچارکردنی ژن لەلایەن مێردەوە بە کاری لەشفرۆشی و چەند جۆرێکی دیکەی توندوتیژی).
دواتر باسی لە هۆکارەکانی ئەنجامدانی توندوتیژی خیزانی و ڕێکارە یاساییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی و جۆری سزا دیاریکراوەکان لەڕووی یاساکەوە کرد.
پاشان مامۆستا ئاری ڕەفیق لە تەوەری دووەمی سیمپۆزیۆمەکەدا بە ناونیشانی (ئاسەواری دەرونی و کۆمەڵایەتی توندوتیژی خێزانی لەسەر منداڵ) چەمکی توندوتیژی لەڕوانگەی رێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە بۆ ئامادەبووان شیکردەوە و ئاماژەیدا بە سەرچاوە راستەوخۆکان و جۆرە سەرەکیەکانی توندتیژی خێزانی و هۆکارو پاڵنەرەکان ، هەروەها کاریگەریە دورمەوداکانی توندتیژی دژ بە منداڵ لە تۆڵەستێنی و شەرمنی و ڕەشبینی و خەمۆکی و جنێودان دیاریکرد.
پاشان بەچەند پێشنیازێک لەوانە منداڵ نەکرێتە بەشێک لە توندوتیژی دایک و باوک و ڕێگری کردن لەسەیرکردنی درامای بیانی بە تایبەت دراما تورکیەکان.
لە تەوەری سێیەم و کۆتاییدا شۆخ محمد بابەتێکی ئامادەکراوی ڕێکخراوی (وادی ئەڵمانی) بە ناونیشانی خەتەنەکردنی کچان و کاریگەری لەسەر دەروونی منداڵ پێشکەشکرد، کە تێدا باسی لە هۆکارەکان و لێکەوتەکانی لە نەمانی متمانە بە دایک و باوک لەلایەن کچ و توشبون بەخەمۆکی و ئازاری جەستەیی و دابڕان لە کۆمەڵگا کرد، هەروەک ئامارێکی رێکخراوەکەی بۆ ساڵی ٢٠١٧ لە هەریەک لە شارەکانی هەولێر و ڕانیە و ئیدارەی گەرمیان لەبارەی رێژەی خەتەنەکردنی ئافرەتان خستە روو.