University of Raparin Logo

                                     خزمەتگوزارییە پێویستەکان بۆ خوێندنی ئەلیکترۆنی و بەستەری ڤیدیۆی فێرکاری بە زمانی کوردی

                                                                          رێبەری وێب سایتی زانکۆی ڕاپەڕین

لەئایندەیەكی نزیكدا كەمپی نوێی زانكۆی ڕاپەڕین تەواو دەبێت

چاپکردن ئیمەیڵ

 ئامادەكردنی، ئەیوب محەمەد و محەمەد عەبدوڵڵا
كەمپی نوێی زانكۆی ڕاپەڕین دەكەوێتە دەروازەی شاری ڕانیەوەو  لەدوو بینا پێكهاتووە، بەپێی زانیارییەكان لەئێستادا پڕۆژەكە لە90%ی كارەكانی تەواوبووەو لەئایندەیەكی نزیكیشدا كەمپەكە دەكرێتەوە.
 پ.د.محەمەد عەلی سەرۆكی زانكۆی راپەڕین دەڵێت: پڕۆژەی كەمپی نوێی زانكۆی ڕاپەڕین كە لەدوو بینا پێكهاتووە لەناوەڕاستی ساڵی 2010ەوە دەست بەكارەكانی كراوەو لەئێستادا نزیكەی 90%ی كارەكانی تەواو بووە.

سەرۆكی زانكۆ روونیشیكردەوە كە پێوست بوو ئەم پرۆژەیە لەماوەی خۆیدا واتە ساڵ و نیوێك لەمەوبەر تەواوبوایە، بەڵام بەهۆی ئەوەی كۆمپانیای جێبەجێكار  ئیشەكانی وەستاو ئیفلاسی كردووە بۆیە پرۆژەكە لەماوەی خۆیدا تەواو نەبووە، بۆ ئەو مەبەستەش ئاگاداری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی خوێندنی باڵامان كردۆتەوە بۆ ئەوەی بەزووترین كات بتوانین لیژنەیەك بۆ خێرا بەڕێوەچوونی كارەكانی پێكبهێنین، و لەهاوینی ئەمساڵدا كۆتایی بەكارەكانی بهێنین، چونكە خوێندنی ئەم ساڵمان زۆر قورس بوو ، بەهۆی زۆری ژمارەی خوێندكاران و كەمی هۆڵەكانی خوێندن، بۆ ئەوەش زانكۆمان هەوڵی داوە ساڵی نوێی خوێندن ژینگەیەكی خوێندنی گۆنجاو لەپێداوستی بیناو شوێن و ڕێگاو تاقیگە بۆ خوێندكاران دابینبكەین، بۆئەوەی بتوانین ژینگەیەكی خوێندنی جیاواز لەخوێندنی ئامادەیی بۆ خوێندكارانمان بخوڵقێنین.
چەندین پرۆژەی زانكۆیی لەجێبەجێكردندان
لەلایەكی دیكەوە ئەحمەد رەسوڵ لێپرسراوی بەشی پرۆژەكانی زانكۆی راپەڕین باس لەوەدەكات كە پرۆژەی كەمپی نوێی زانكۆ كە كۆمپانیای "ترانسۆفی" توركی جێبەجێی دەكات، كارەكانی گەیشتووە  بەكۆتا قۆناخ و تەنیا هەندێ‌ كاری هونەری ماوە وەك ڕێكخستنی سیستمی ساردی و گەرمی و بەستنەوەی بەكارەبای نیشتمانی، ئەمەش لەماوەی مانگێك بۆ دوو مانگ جێبەجێدەكرێت و كارەكانی تەواودەبن، وتیشی: سەبارەت بەپڕۆژەی بینای سەرۆكایەتی زانكۆوە ئێستا لەقۆناخی سەرەتای كارەكانیدایە 2 مانگ لەماوەكەی ڕۆیشتووەو نزیكەی لە10% ی كارەكانی تەواو بووە، جگەلەوەش چەندین پڕۆژەی ترمان ئیستا لەقۆناخی جێبەجێكردندان وەك دەروازەی زانكۆو سەنتەری توێژینەوە لەڕانیەو قڵادزێ و بینای بەشە ناوخۆیی خوێندكاران لەڕانیە، هەروەها بینای بەشەناوخۆیی خوێندكاران لەقڵادزێ تەنیا تەندەری ماوە وەربگیرێت و ئەویش دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، پلانی چەند پڕۆژەیەكی ترمان هەیە وەك كافتریای سەرۆكایەتی زانكۆو هۆڵی كۆنفراس و میوانخانەو كافترایەكی گشتی بۆ هەموو زانكۆ كە جێبەجێكردنیان دەكەوێتە ساڵی داهاتووەوە.
چەند بەشێكی تازە دەكرێنەوە
پ.د.محەمەد عەلی سەرۆكی زانكۆی ڕاپەڕین سەبارەت بەكردنەوەی بەشی تازە لەزانكۆدا وتی : ساڵانی ڕابردوو هەوڵی زۆرمان داوە بۆ كردنەوەی بەشی تازە بەڵام بەهۆی نەبوونی جێگە و ڕێوشوێنی پێویست نەمانتوانیوە ئەو بەشانە بكەینەوە بەڵام لەهاتوویەكی نزیكدا پلانمان هەیە چەند بەشێكی تر لەزانكۆمان دەكەینەوە وەك بەشەكانی "كیمیا، فیزیا، یاساو ڕاگەیاندن" بەڵام بەشی فیزیا و كیمیا پێویستە تاقیگەی تایبەتیان بۆ ئامادە بكەین بۆیە كردنەوەیان دەكەوێتە ساڵی ئایندەوە، هەروەها بەشی بایۆلۆجی كە ئێستا هەمانە زیاتر پەرەی پێدەدەین، ئەمەش بەمەبەستی زیاتر پەرەپێدانی بەشە زانستیەكان لەناوچەكە. پەرە بەپەیوەندیەكانی دەرەوەی دەدات
سەرۆكی زانكۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە زانكۆی راپەڕین لەهەوڵی بەردەوام دایە بۆ فراوانكردنی پەیوەندییە ناوخۆیی و جیهانییەكانی لەگەڵ زانكۆو ناوەندە ئەكادیمییەكانی دەرەوە، هەر لەو روانگەیەشەوە زانكۆی راپەڕین توانیویەتی پەیوەندی زانستی لەگەڵ چەند زانكۆیەكی ئەمریكی و سویدی و توركی دروست بكات، هەروەها بووەتە ئەندام لەكۆمەڵەی زانكۆكانی جیهان و ڕێكخراوی زانكۆكانی ئۆراسیا.