University of Raparin Logo

                                     خزمەتگوزارییە پێویستەکان بۆ خوێندنی ئەلیکترۆنی و بەستەری ڤیدیۆی فێرکاری بە زمانی کوردی

                                                                          رێبەری وێب سایتی زانکۆی ڕاپەڕین

وەزارەتی خوێندنی باڵا (١٠٠) ملیۆن دینار بۆ بۆردی توێژینەوەی زانستی تەرخان دەکات

چاپکردن ئیمەیڵ

ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دامەزراندن و دەستبەکاربونی بۆردی توێژینەوەی زانستی ڕادەگەیەنێت، وەک گرانتی یەکەمیش بڕی (١٠٠) ملیۆن دینار بۆ بۆردەکە تەرخان دەکات.

عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: لەپێناو داڕشتنی چوارچێوەی سیاسەت و ستراتیژی گشتی توێژینەوەی زانستی و، هاندان و گەشەپێدان و کاراکردنی چالاکی توێژینەوە لە بوار و پسپۆڕی جیا و، لەبەر ڕۆشنایی پێداویستیە زانستی و تەکنەلۆژی، ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا دامەزراندن و دەستبەکاربونی بۆردی توێژینەوەی زانستی ڕادەگەیەنێت، ئاشکراشیکرد ئەم بۆردە کار بۆ ئاراستەکردن و پشتیوانیکردنی چالاکی توێژینەوەی زانستی لە ڕێگەی دەستەبەرکردنی گرانتی ساڵانە دەکات و، هەوڵی دۆزینەوەی پارتنەری نێودەوڵەتی بۆ پڕۆژەکانی توێژینەوە و بەخشیننی بەو پڕۆپۆزەڵانەی کە ئاستی زانستیان بەرزەو لە ئەولەویەتی بەرژەوەندی نیشتیمانی هەرێمی کوردستان دەکات.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاشیگەیاند: بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی بۆردەکە وەزارەتەکەمان بڕی (١٠٠) ملیۆن دینار وەک گرانتی یەکەم پێشکەش بەبۆردی توێژینەوەی زانستی کرد، تا لە ڕێگەی پێشبڕکێ بدرێتە بەپرۆپۆزەڵی ئەو توێژینەوانەی کە دەچنە خزمەتی چارەسەرکردنی بابەتەکانی تایبەت بەهەرێمەکەمان، وتیشی لەئێستادا بۆردەکە دەرگای پێشکەشکردنی پڕۆپۆزەڵی توێژینەوەکانی بەڕوی توێژەرانی هەرێمەکەمان كردۆتەوە.

لەبارەی هەوڵەکانی وەزارەت بۆ گەیشتن بەسەرچاوە زانستیەکان بۆ توێژەران، عەباس ئەکرەم وتی: لە ئێستادا وەزارەتەکەمان سەرقاڵی ڕێکخستنی گرێبەستێکە لەگەڵ یەکێک لە بەناوبانگترین دامەزراوەکانی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی بۆ ئەوەی بتوانین دەرفەتی گەیشتن بەسەرچاوە و گۆڤار و بڵاوکراوە زانستیە نێودەوڵەتیەکان بۆ توێژەرانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بڕخسێنین، بۆ ئەوەش وتی: توێژەرەکانمان کاتێک دەتوانن بەشداری زیاتر لە بەرهەمهێنانی مەعریفە بکەن، ئەگەر خۆیان دەستیان بەنوێترین سەرچاوەی زانستی بگات، ئاشکراشیکرد لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا (ئەکسێسی) یاسایی بۆ گۆڤارە زانستیەکان لەبەردەم توێژەرانی کوردستان و، سەرجەم مامۆستایانی زانکۆ دەکەینەوە، كە ئەم هەنگاوە هەمو بوار و پسپۆڕییەکان دەگرێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانە ڕۆژنامەیکەیدا وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسی لە کاریگەرییەکانی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانکۆکان لەسەر توێژینەوەی زانستی کرد و لەو بارەیەوە وتی: لەدوای جێبەجێکردنی پڕۆسەی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەبەراورد بە ساڵەکانی (٢٠١٥-٢٠١٦) بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی لە گۆڤارە زانستیە ئاستبەرزەکانی دونیا بەڕێژەی (٨٠%) زیادی کردوە، هەروەها ئەنجامدانی کۆنفرانسی زانستی ناوخۆیی بەڕێژەی (١٤٣%) زیادیکردوە، بەهەمان شێوە ئەنجامدانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەڕێژەی (١٠٠%) زیادی کردوە، بۆ خولی ڕاهێنان و پەرەپێدانی تواناکانیش ئاشکراشیکرد بەڕێژەی (٦٣%) زیادیان کردوە، عەباس ئەکرەم جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە جێبەجێکردنی ڕیزبەندی نیشتیمانی هۆکار بوە بۆ زیادبووی توێژینەوەکان، هەروەک جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕیزبەندی نیشتیمانی زانکۆکان گۆڕانکاری زۆر گرنگی لەگەڵ خۆشیدا هێنایە ئاراوە، لەوانە کلتوری کێبڕکێی زانستی تۆخکردەوە، پێوەر و ستاندارد و کەلتوری نوێی هێنایە ناو ئەزمونی ئەکادیمیای کوردستانەوە، لەگەڵ چەندین دەسکەوتی دیکەی گەورەی زانستی.